لۆگۆی یوڤێرژن
ئایکۆنی گەڕان

زەبوورەکان 1:42-11

زەبوورەکان 1:42-11 پەیمانی نوێ و زەبوورەکان بە سۆرانی (PNTZS)

چۆن ئاسک به‌ په‌رۆشه‌ بۆ ئاوی ڕووبار، گیانی منیش به‌ په‌رۆشه‌ بۆ تۆ، خودایه‌. گیانم تینووی خودایه‌، خوداوه‌ندی زیندوو. كه‌ی بێم و ڕووبه‌ڕووی خودا ببم؟ شه‌و و ڕۆژ فرمێسكه‌كانم بوون به‌ خۆراكم، له‌ كاتێكدا هه‌موو ڕۆژێک پێم ووترا: “كوا خوداكه‌ت؟”. هه‌ناوم ده‌توێته‌وه‌ ئه‌و كاته‌ی دێته‌وه‌ یادم: چۆن له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكدا ده‌ڕۆیشتین، به‌ره‌و ماڵی خودا پێشڕه‌ویيانم ده‌كرد، به‌ ده‌نگی په‌سنی و سوپاسه‌وه‌، له‌نێو كۆمه‌ڵی جه‌ژنگێڕان. ئه‌ی گیانی من بۆچی غه‌مباریت؟ بۆ له‌ ناخمدا ده‌ناڵێنێت؟ ئومێدت به‌ خودا هه‌بێت، چونكه‌ هه‌ر سوپاسی ئه‌و ده‌كه‌م، ئه‌و ڕزگاریده‌ر و خوداوه‌ندمه‌. خودایه‌، گیانم غه‌مباره‌ له‌ ناخم، بۆیه‌ یادت ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ زه‌ویی یوردنه‌نه‌وه‌، له‌ چیاكانی حه‌رمۆنه‌وه‌، له‌ كێوی میچعاره‌وه‌. قووڵایی بانگی قووڵایی ده‌كات، به‌ ده‌م خوڕه‌ی تاڤگه‌كانته‌وه‌، هه‌موو شه‌پۆله‌كانت و ته‌وژمه‌كانت به‌سه‌رمدا كه‌وتوون. به‌ ڕۆژ په‌روه‌ردگار میهره‌بانیه‌كه‌ی ئاراسته‌ ده‌كات، به‌ شه‌ویش ستایشی ئه‌و له‌ لای منه‌، نوێژێكه‌ بۆ خودای ژیانم. خودا، كه‌ تاشه‌به‌ری منه‌، پێی ده‌ڵێم: “بۆچی له‌ یادت كردم؟ بۆچی به‌ خه‌مه‌وه‌ بچه‌وسێمه‌وه‌ به‌ ده‌ست دوژمنانم؟” به‌ تێكشكانی ئێسقانه‌كانم ناحه‌زانم توانجم تێده‌گرن، به‌ درێژایی ڕۆژ پێم ده‌ڵێن: “كوا خوداكه‌ت؟” ئه‌ی گیانی من بۆچی غه‌مباریت؟ بۆ له‌ ناخمدا ده‌ناڵێنیت؟ ئومێدت به‌ خودا هه‌بێت، چونكه‌ من هه‌ر ستایشی ئه‌و ده‌كه‌م، ئه‌و ڕزگاریده‌ر و خوداوه‌ندمه‌.

زەبوورەکان 1:42-11 كوردی سۆرانی ستانده‌رد (KSS)

چۆن ئاسک بە پەرۆشە بۆ ئاوی ڕووبار، ئەی خودایە، گیانی منیش بە پەرۆشە بۆ تۆ. گیانم تینووی خودایە، خودای زیندوو. کەی دێم و بە دیداری خودا شاد دەبم؟ بە شەو و ڕۆژ فرمێسکەکانم بوون بە خۆراکم، لە کاتێکدا بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» هەناوم دەتوێتەوە ئەو کاتەی دێتەوە یادم: چۆن لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵکدا دەڕۆیشتین، بەرەو ماڵی خودا پێشڕەویانم دەکرد، بە هەلهەلە و ستایشکردنەوە لەناو کۆمەڵی جەژنگێڕان. ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمدا پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە. گیانم خەمبارە لە ناخم، بۆیە یادت دەکەمەوە لە لای ڕووباری ئوردون، لە بەرزاییەکانی حەرمۆنەوە، لە کێوی میچعارەوە. قووڵایی بانگی قووڵایی دەکات، بە دەم خوڕەی تاڤگەکانتەوە، هەموو شەپۆلەکانت و تەوژمەکانت بەسەرمدا کەوتوون. بە ڕۆژ یەزدان خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی ئاراستە دەکات، بە شەویش سروودی ئەو لەسەر لێومە، نوێژێکە بۆ خودای ژیانم. خودا، کە تاشەبەردی منە، پێی دەڵێم: «بۆچی لە یادت کردووم؟ بۆچی دەبێت بناڵێنم، بچەوسێمەوە بە دەست دوژمنانم؟» بە تێکشکانی ئێسقانەکانم ناحەزانم توانجم تێدەگرن، بە درێژایی ڕۆژ پێم دەڵێن: «کوا خوداکەت؟» ئەی گیانی من بۆچی خەمباریت؟ بۆ لە ناخمەوە پەرێشانیت؟ ئومێدت بە خودا هەبێت، چونکە من هەر ستایشی ئەو دەکەم، ئەو ڕزگارکەر و خودامە.