ئامۆس 3
3
بانگکردنی شایەتەکان لە دژی ئیسرائیل
1ئەی نەوەی ئیسرائیل، گوێتان لەم فەرمایشتە بێت کە یەزدان فەرموویەتی، لە دژی ئێوە و هەموو ئەو خێڵەی لە خاکی میسرەوە دەریهێنان، کە فەرمووی:
2«تەنها ئێوەم ناسی
لە هەموو خێڵەکانی زەوی،
لەبەر ئەوە سزاتان دەدەم،
لەسەر هەموو تاوانەکانتان.»
3ئایا دووان پێکەوە هاتوچۆ دەکەن،
بێ ئەوەی ڕێک بکەون؟
4ئایا شێر لە دارستان دەنەڕێنێت،
ئەگەر نێچیری نەبێت؟
ئایا بەچکە شێر لە لانەکەیەوە دەنگی دێت،
بێ ئەوەی هیچی ڕفاندبێت؟
5ئایا باڵندە دەکەوێتە ناو داوی زەوییەوە،
لە کاتێکدا تەڵەی بۆ نەنرابێتەوە؟
ئایا تەڵە لەسەر زەوی هەڵدەگیرێتەوە،
ئەگەر هیچی نەگرتبێت؟
6ئەگەر کەڕەنا لە شاردا لێبدرێت،
ئایا گەل ناترسێت؟
ئەگەر بەڵایەک لە شاردا ڕوو بدات،
ئایا یەزدان نەیکردووە؟
7بێگومان یەزدانی باڵادەست هیچ کارێک ناکات
بێ ئەوەی نهێنییەکەی بۆ بەندە پێغەمبەرەکانی ئاشکرا بکات.
8شێر نەڕاندی،
کێ ناترسێت؟
یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت،
کێ هەیە بتوانێت پەیامی خودا ڕانەگەیەنێت؟
9بە قەڵاکانی ئەشدۆد و خاکی میسر ڕایبگەیەنن و
پێیان بڵێن:
«لەسەر چیاکانی سامیرە کۆببنەوە،
ئەو هاتوهاوارە زۆرەی ناوەڕاستی ببینن،
ئەو زۆردارییەی لەناویدا هەیە.»
10یەزدان دەفەرموێت: «نازانن کاری باش بکەن،
ئەوانەی بەرهەمی تاڵان و ستەمکاری لە قەڵاکانیان ئەمبار دەکەن.»
11لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:
«دوژمن دێنە چواردەوری خاکەکە و
هێزتان لێ کەم دەکاتەوە و
قەڵاکانتان تاڵان دەکرێن.»
12یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«وەک چۆن شوان دوو قاچ یان پارچە گوێیەک
لە دەمی شێر دەردەهێنێت،
ئاواش ئیسرائیلییەکانی دانیشتووی سامیرە
بە گۆشەی قەرەوێڵەیەک و
بە پارچە پێخەفێک دەردەکرێن.»
13«گوێ بگرن و شایەتی لەسەر بنەماڵەی یاقوب بدەن،» ئەوە فەرمایشتی یەزدانی پەروەردگار، خودای سوپاسالارە.
14«لەو ڕۆژەی کە سزای ئیسرائیل دەدەم لەسەر یاخیبوونەکانی،
سزای قوربانگاکانی بێتئێلیش دەدەم،
جا قۆچی قوربانگاکان دەبڕێنەوە و
دەکەونە سەر زەوی.
15کۆشکی زستانە دادەڕمێنم،
هەروەها کۆشکی هاوینەش،
کۆشکە عاجەکانیش لەناودەچن و
هەموو کۆشکەکان کۆتاییان پێدێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
اکنون انتخاب شده:
ئامۆس 3: KSS
هایلایت
کپی
مقایسه
به اشتراک گذاشتن
می خواهید نکات برجسته خود را در همه دستگاه های خود ذخیره کنید؟ برای ورودثبت نام کنید یا اگر ثبت نام کرده اید وارد شوید
کتێبی پیرۆز، کوردی سۆرانی ستاندەر™
مافی چاپکردن پاێزراوە © ١٩٩٨، ٢٠١١، ٢٠١٦، ٢٠٢٠ Biblica, Inc.
بە مۆڵەتی لایەنی بڵاوکار بەکارهاتووە. هەموومافەەەکانی پارێزراوە.
Holy Bible, Kurdi Sorani Standard™
Copyright © 1998, 2011, 2016, 2020 by Biblica, Inc.
Used with permission. All rights reserved worldwide.