لێڤییەکان 9

9
کاهینەکان خزمەتیان دەستپێدەکەن
1لە ڕۆژی هەشتەم، موسا هارون و کوڕەکانی و پیرانی ئیسرائیلی بانگکرد و 2بە هارونی گوت: «جوانەگایەک بۆ خۆت، بۆ قوربانی گوناه و بەرانێک بۆ قوربانی سووتاندن ببە، هەردووکیان ساغ بن و لەبەردەم یەزدان پێشکەشیان بکە. 3لەگەڵ نەوەی ئیسرائیلیش بدوێ و بڵێ: ”گیسکێکی نێرینە بۆ قوربانی گوناه و جوانەگایەک و بەرخێکی یەک ساڵەی ساغ بۆ قوربانی سووتاندن و 4گایەک#9‏:4 لە زمانی عیبری ئەو وشەیە بۆ نێر و مێ چێڵ و گا بەکاردێت، لێرە و لە ئایەتەکانی 18 و 19. بڕوانە 3‏:1‏.‏ و بەرانێک بۆ قوربانی هاوبەشی بۆ سەربڕین لەبەردەم یەزدان ببەن، هەروەها پێشکەشکراوی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو، چونکە ئەمڕۆ یەزدان بۆتان دەردەکەوێت.“»
5ئەوەی موسا فەرمانی پێ کردبوو بردیانە پێش چادری چاوپێکەوتن و هەموو کۆمەڵەکە چوونە پێشەوە و لەبەردەم یەزدان وەستان. 6موسا گوتی: «یەزدان فەرمانی ئەمەی داوە، دەیکەن، ئینجا شکۆمەندی یەزدانتان بۆ دەردەکەوێت.»
7پاشان موسا بە هارونی گوت: «بڕۆ پێشەوە بۆ لای قوربانگاکە و قوربانی گوناهت و قوربانی سووتاندنەکەت بکە و کەفارەت بۆ خۆت و گەل بکە و قوربانی گەل بکە و کەفارەتیان بۆ بکە، هەروەک یەزدان فەرمانی دا.»
8ئیتر هارون چووە پێشەوە بۆ لای قوربانگەکە و جوانەگاکەی قوربانی گوناهی سەربڕی کە بۆ خۆی بوو. 9کوڕەکانی هارونیش خوێنەکەیان بۆ هێنا و ئەویش پەنجەی کردە ناو خوێنەکە و لەسەری قۆچەکانی قوربانگاکەی دا و خوێنەکەی ڕشتە بنکەی قوربانگاکە. 10پیوەکە و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەری قوربانییەکەی گوناه بوو لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، 11بەڵام کەلاک و پێستەکەی لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سووتاند.
12ئینجا قوربانی سووتاندنەکەی سەربڕی و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان دایێ، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی. 13پاشان قوربانی سووتاندنەکەی ئەوانی دایێ بە پارچەکانی و سەرەکەیەوە، ئەویش لەسەر قوربانگاکە سووتاندی. 14هەناو و قاچەکانیشی شوشت و لەسەر قوربانی سووتاندنەکە لەسەر قوربانگاکە سووتاندی.
15ئینجا هارون قوربانییەکەی گەلی پێشکەش کرد، گیسکەکەی برد کە قوربانی بوو بۆ گوناهی گەل، سەری بڕی و بۆ گوناه کردی وەک ئەوەی یەکەم.
16هارون بەپێی ڕێوڕەسم قوربانی سووتاندنەکەی پێشکەش کرد. 17هەروەها پێشکەشکراوەکەی دانەوێڵەی هێنا و مستی لێ پڕکرد و لەسەر قوربانگاکە سووتاندی، بێجگە لە قوربانی سووتاندنی بەیانی.
18گایەکە و بەرانەکەی سەربڕی، قوربانی هاوبەشی کە بۆ گەلە و کوڕەکانی هارون خوێنەکەیان پێیدا، ئەویش بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا پرژاندی. 19هەروەها پیوەکە لە گایەکە و دوگەکە لە بەرانەکە، ئەو پیوەش کە هەناو دادەپۆشێت و گورچیلەکان و ئەو پیوەی لەسەر جگەرە، 20ئەم پیوانەیان خستە سەر دوو سنگەکە. ئینجا هارون پیوەکەی لەسەر قوربانگاکە سووتاند، 21بەڵام هەروەک موسا فەرمانی دا، بۆ قوربانی بەرزکردنەوە لەبەردەم یەزدان، دوو سنگەکە و ڕانی ڕاستی بەرز کردەوە.
22ئینجا هارون دەستی بەرەو گەل بەرزکردەوە و داوای بەرەکەتی بۆ کردن و لە پێشکەشکردنی قوربانی گوناه و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشی، هاتە خوارەوە.
23ئینجا موسا و هارون چوونە ناو چادری چاوپێکەوتن و پاشان هاتنە دەرەوە و داوای بەرەکەتیان بۆ گەل کرد. ئیتر شکۆمەندی یەزدان بۆ هەموو گەل دەرکەوت. 24ئاگرێک لەلایەن یەزدانەوە کڵپەی کرد، هات و لەسەر قوربانگاکە قوربانی سووتاندنەکە و پیوەکەی سووتاند. هەموو گەلیش بینییان و هاواریان کرد و بەسەر ڕوویاندا کەوتن.

اکنون انتخاب شده:

لێڤییەکان 9: KSS

های‌لایت

کپی

مقایسه

به اشتراک گذاشتن

None

می خواهید نکات برجسته خود را در همه دستگاه های خود ذخیره کنید؟ برای ورودثبت نام کنید یا اگر ثبت نام کرده اید وارد شوید