Logo ya YouVersion
Elilingi ya Boluki

لۆقا 24

24
زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح
1لە یەکەم ڕۆژی هەفتەدا#24‏:1 ڕۆژی یەکشەممە.‏، بەیانی زوو، ژنەکان ئەو بۆنوبەرامەی ئامادەیان کردبوو هێنایان و هاتنە سەر گۆڕەکە. 2بینییان بەردەکە لەسەر گۆڕەکە گلۆر کراوەتەوە. 3چوونە ژوورەوە، بەڵام تەرمەکەی عیسای خاوەن شکۆیان نەدۆزییەوە. 4هێشتا لەمە سەرسام بوون، لەپڕ دوو پیاو بە جلی بریسکەدارەوە لەتەنیشتیان ڕاوەستان. 5ترسان و کڕنۆشیان برد و سەریان خستە سەر زەوی، پیاوەکان پێیان گوتن: «بۆچی لەنێو مردووان بەدوای زیندووەکەدا دەگەڕێن؟ 6ئەو لێرە نییە، بەڵکو هەستایەوە! بیهێننەوە بیرتان کە هێشتا لە جەلیل بوو چۆن قسەی بۆ کردن، 7فەرمووی: ”کوڕی مرۆڤ دەبێت بدرێتە دەست خەڵکی گوناهبار، لە خاچ بدرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە.“» 8ئینجا قسەکانیان هاتەوە یاد.
9کاتێک لە گۆڕەکە هاتنەوە، هەواڵی هەموو ئەم شتانەیان بە یازدە قوتابییەکە و هەموو ئەوانی دیکە دا. 10مریەمی مەجدەلی و یوەنا و مریەمی دایکی یاقوب و ئەوانی دیکەی لەگەڵیان بوون، ئەم شتانەیان بە نێردراوان گوت. 11قسەکەیان لەلای ئەوان وەک وڕێنە بوو، باوەڕیان پێ نەکردن. 12بەڵام پەترۆس هەستا و بەرەو گۆڕەکە ڕایکرد. کە دانەوییەوە، بینی کەتانەکە بە تەنها دانراوە، ئینجا ڕۆیشت و سەرسام بوو لەوەی ڕوویدابوو.
دووان لە قوتابییەکان عیسا دەبینن
13هەر لەو ڕۆژەدا دووان لەوان دەچوونە گوندێک بە ناوی ئەمواس کە شەست تیرهاوێژ#24‏:13 نزیکەی 11 کیلۆمەتر.‏ لە ئۆرشەلیم دوور بوو. 14لەگەڵ یەکتری باسی هەموو ئەو شتانەیان دەکرد کە ڕوویدابوو. 15کاتێک قسە و گفتوگۆیان دەکرد، عیسا خۆی لێیان نزیک بووەوە و لەگەڵیان دەڕۆیشت، 16بەڵام چاویان لە ناسینی بەسترا.
17پێی فەرموون: «ئەوە بەڕێوە باسی چی دەکەن؟»
بە ڕووێکی خەمناکەوە ڕاوەستان. 18یەکێکیان ناوی کلیۆپاس بوو وەڵامی دایەوە: «ئایا تەنها تۆ لە ئۆرشەلیم نامۆیت و ئاگات لەو شتانە نییە کە لەم ڕۆژانەدا تێیدا ڕوویداوە؟»
19پێی فەرموون: «چی ڕوویداوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «باسی عیسای ناسیرەیی، کە پێغەمبەرێکی توانادار بوو لە قسە و کرداردا، لەلای خودا و هەموو گەل، 20چۆن کاهینانی باڵا و فەرمانڕەواکانمان دایانە دەست سزای مردن و لە خاچیان دا. 21بەڵام ئێمە هیوادار بووین کە ئەمە ئەو کەسە بێت کە ئیسرائیل دەکڕێتەوە#24‏:21 مەبەست لە ڕزگاریی ئیسرائیلە لەژێر دەسەڵاتی ڕۆمانی.‏. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆ سێیەم ڕۆژە ئەمە ڕوویداوە. 22کەچی هەندێک لە ژنانمان سەرسامیان کردین، بەیانی زوو لەسەر گۆڕەکە بوون و 23تەرمەکەیان نەبینیبوو، هاتنەوە گوتیان، فریشتەمان بینیوە دەڵێن ئەو زیندووە. 24هەندێک لە ئێمە چوونە سەر گۆڕەکە و بینییان وایە، وەک ژنەکان گوتیان، بەڵام ئەویان نەبینیبوو.»
25ئەویش پێی فەرموون: «ئەی گێل و دڵخاوەکان لە باوەڕکردن بە هەموو ئەوەی پێغەمبەران باسیان کردووە! 26نەدەبووایە مەسیح ئەم شتانە بچێژێت و بچێتە ناو شکۆمەندییەکەی خۆی؟» 27ئەوسا دەستی‏ کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەو شتانەی دەربارەی خۆی بوو لە هەموو نووسراوە پیرۆزەکاندا، هەر لە تەوراتی موساوە هەتا هەموو پەڕتووکەکانی پێغەمبەران.
28کاتێک نزیکی ئەو گوندە بوون کە بۆی دەچوون، عیسا وای نیشان دا کە بۆ شوێنێکی دوورتر دەچێت. 29ئەوانیش زۆر لێی پاڕانەوە و گوتیان: «لەلامان بمێنەرەوە، چونکە وا ئێوارەیە و ڕۆژ لە ئاوابوونە.» جا چووە ژوورەوە تاکو لەگەڵیان بمێنێتەوە.
30کاتێک لەگەڵیان دانیشتبوو، نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد، پاشان لەتی کرد و پێیدان. 31ئینجا چاویان کرایەوە و ناسیانەوە، ئیتر لەبەرچاویان نەما. 32بە یەکتریان گوت: «ئەرێ کاتێک لە ڕێگا قسەی بۆ دەکردین و نووسراوە پیرۆزەکانی بۆمان ڕوون دەکردەوە، دڵمان لە ناخماندا گڕی نەگرتبوو؟»
33ئینجا دەستبەجێ هەستان و هاتنەوە ئۆرشەلیم، بینییان یازدە قوتابییەکە و ئەوانەی لەگەڵیاندان کۆبوونەتەوە و 34دەڵێن: «بە ڕاستی مەسیحی خاوەن شکۆ هەستاوەتەوە و بۆ شیمۆن دەرکەوتووە.» 35ئەمانیش باسی ئەو شتانەیان کرد کە لە ڕێگا بەسەریان هاتبوو، هەروەها لە کاتی نانلەتکردنەکەدا چۆن مەسیحیان ناسییەوە.
عیسا بۆ نێردراوان دەردەکەوێ
36کە باسی ئەمەیان دەکرد، عیسا خۆی لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و پێی فەرموون: «سڵاوتان لێ بێت.»
37سام دایگرتن و ترسان، وایان دەزانی خێو دەبینن. 38پێی فەرموون: «بۆچی شێواون؟ بۆچی گومان دەکەوێتە دڵتان؟ 39سەیری دەست و پێم بکەن. بڕوا بکەن، منم! دەستم لێ بدەن و ببینن، چونکە خێو گۆشت و ئێسقانی نییە وەک دەبینن من هەمە.»
40کە ئەمەی فەرموو، دەست و پێی نیشاندان. 41لە خۆشی و سەرسوڕماندا هێشتا باوەڕیان نەدەکرد، پێی فەرموون: «لێرە خواردنتان هەیە؟» 42ئەوانیش پارچەیەک ماسی برژاویان دایێ. 43وەریگرت و لەبەرچاویان خواردی.
44ئینجا پێی فەرموون: «ئەم قسانەم بۆ کردن کاتێک لەگەڵتان بووم: پێویستە هەموو ئەوانەی لە تەوراتی موسا و پێغەمبەران و زەبووردا دەربارەی من نووسراون بێنە دی.»
45ئینجا مێشکی کردنەوە، تاکو نووسراوە پیرۆزەکان تێبگەن. 46پێی فەرموون: «ئاوا نووسراوە، کە مەسیح ئازار دەچێژێت و لە ڕۆژی سێیەم لەنێو مردووان هەڵدەستێتەوە، 47بە ناوی ئەویش تۆبەکردن بۆ لێخۆشبوونی گوناه بۆ هەموو گەلان جاڕبدرێت، ئەمەش لە ئۆرشەلیمەوە دەستپێدەکات. 48ئێوە شایەتی ئەم شتانەن. 49وا من بەڵێنەکەی باوکمتان بۆ دەنێرم. بەڵام لە شار بمێننەوە، هەتا لە ئاسمانەوە پڕ دەکرێن لە هێز.»
گەڕانەوەی عیسا بۆ ئاسمان
50ئینجا ئەوانی بۆ گوندی بێت‌عەنیا بردە دەرەوە، دەستی بەرز کردەوە و بەرەکەتداری کردن. 51کاتێک بەرەکەتداری دەکردن، لێیان جیا بووەوە و بەرزکرایەوە بۆ ئاسمان. 52ئەوانیش کڕنۆشیان بۆ برد و بە شادییەکی گەورەوە گەڕانەوە ئۆرشەلیم. 53بەردەوام لە پەرستگا بوون و ستایشی خودایان دەکرد.

Currently Selected:

لۆقا 24: KSS

Tya elembo

Share

Copy

None

Olingi kobomba makomi na yo wapi otye elembo na baapareyi na yo nyonso? Kota to mpe Komisa nkombo